< زەبوورەکان 97 >

یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت، دوورگە زۆرەکان شادمان بن. 1
هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە، ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە. 2
ئاگر لەپێشیەوە، دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت. 3
بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە، زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی. 4
چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە، لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان. 5
ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی. 6
ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن، ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن. ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن. 7
سییۆن بیستی و شادمان بوو، کچانی یەهودا دڵخۆش بوون، بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان، 8
چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی، تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری. 9
با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە، لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات. 10
ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و شادییش بۆ دڵڕاستەکان. 11
ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن. 12

< زەبوورەکان 97 >