< زەبوورەکان 101 >

زەبوورێکی داود. گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم، ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم. 1
لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە. کەی دێیت بۆ لام؟ بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم، لەناو ماڵی خۆم. 2
شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم. ڕقم لە کاری یاخیبووانە، قەت بە منەوە نانووسێت. 3
دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت، پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت. 4
ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات، دەمکوتی دەکەم، لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز بەرگە ناگرم. 5
چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم، ئەوانەی ڕێگای تەواوەتییان گرتووە خزمەتم دەکەن. 6
ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت، ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت. 7
بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی دەمکوت دەکەم، لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم، هەموو ئەوانەی گوناهبارن. 8

< زەبوورەکان 101 >