< زەبوورەکان 53 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات. 1
خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات. 2
هەموو هەڵگەڕانەوە، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە. 3
ئایا گوناهباران فێر نەبن؟ ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە. 4
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت، کە هیچ ترسی لێ نەبوو. خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت، ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە. 5
با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت! کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە، با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت! 6

< زەبوورەکان 53 >