لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات: |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە. |
بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم. |
پێیان بڵێ:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە، |
هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت، |
ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“» |
جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند. |
کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت! |
بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە. |
کاتێک پیاوە گەورەکانی یەهودا گوێیان لەم قسانە بوو، لە کۆشکی پاشاوە سەرکەوتن بۆ ماڵی یەزدان، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی ماڵی یەزدان دانیشتن. |
ئینجا کاهین و پێغەمبەرەکان بە پیاوە گەورەکان و بە هەموو گەلیان گوت: «ئەم پیاوەیە شایانی حوکمی مردنە، چونکە پێشبینی خراپی لەسەر ئەم شارە کردووە، هەروەک بە گوێی خۆتان گوێتان لێ بوو!» |
یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو. |
ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی. |
بەڵام من لەبەردەستتانم، ئەوەی پێتان باشە و ڕاستە بە منی بکەن. |
بەڵام باش بزانن ئەگەر من بکوژن، ئەوا خوێنێکی بێتاوان دەخەنە ئەستۆی خۆتان و ئەم شارە و دانیشتووانەکەی، چونکە بەڕاستی یەزدان منی بۆ ئێوە ناردووە تاکو هەموو ئەم قسانە بەبەر گوێتاندا بدەم.» |
ئینجا پیاوە گەورەکان و هەموو گەل بە کاهین و پێغەمبەرەکانیان گوت: «ئەم پیاوە شایانی حوکمی مردنی نییە، چونکە بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە قسەی لەگەڵ کردووین.» |
ئینجا هەندێک لە پیرانی یەهودا هەستان و بە هەموو کۆمەڵی خەڵکەکەیان گوت: |
«میخای پێغەمبەر لە شاری مۆرەشەت لە سەردەمی حەزقیای پاشای یەهودا پێشبینیی کرد و بە هەموو گەلی یەهودای گوت:”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «”سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.“ |
ئایا حەزقیای پاشای یەهودا یان کەسێکی دیکە لە یەهودا کوشتیان؟ ئایا لە یەزدان نەترسا و بەدوای ڕەزامەندی ئەوەوە نەبوو؟ ئایا یەزدان پاشگەز نەبووەوە لەو بەڵایەی فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت؟ وا بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆمان دەهێنین!» |
هەروەها پیاوێکی دیکەش هەبوو بە ناوی یەزدانەوە پێشبینی دەکرد، ئوریای کوڕی شەمەعیا، خەڵکی قیریەت یەعاریم بوو. ئەویش لە دژی ئەو شارە و ئەو خاکە پەیامێکی ڕاگەیاند، وەک پەیامەکەی یەرمیا. |
جا یەهۆیاقیمی پاشا و هەموو پاڵەوانەکانی و هەموو پیاوە گەورەکان گوێیان لە قسەکانی بوو، پاشا داوای کرد بیکوژن. بەڵام ئوریا ئەمەی بیست، لە ترسان بەرەو میسر هەڵات. |
یەهۆیاقیمی پاشاش ئەلناتانی کوڕی عەکبۆری لەگەڵ چەند پیاوێک ناردە میسر. |
ئوریایان لە میسر دەرهێنا و هێنایانە لای یەهۆیاقیمی پاشا، بە شمشێر لێیدا و تەرمەکەی فڕێدایە ناو گۆڕی خەڵکی ئاسایی. |
جگە لەوەش، ئەحیقامی کوڕی شافان پشتگیری یەرمیای کرد بۆ ئەوەی نەدرێتە دەست گەل و بیکوژن. |