< زەکەریا 13 >

«لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.» 1
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو لە خاکەکە ڕادەماڵم. 2
وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن:”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن. 3
«ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 4
هەریەکە و دەڵێت:”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 5
ئەگەر کەسێک بپرسێت:”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ئەویش وەڵام دەداتەوە:”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“ 6
«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە، لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە! لە شوانەکە بدە، مەڕەکان پەرت دەبن، پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.» 7
یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی، دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن، یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە. 8
ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە، وەک زیو دەیانپاڵێوم، وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە. ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە، من دەڵێم:”ئەوان گەلی منن،“ئەوانیش دەڵێن:”یەزدان خودای ئێمەیە.“» 9

< زەکەریا 13 >