< زەکەریا 10 >

لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن، یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات. ئەو شەستە باران دەبارێنێت، کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان. 1
بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن، فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن، خەونی درۆ دەگێڕنەوە، بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن، بۆیە وەک مەڕ دەگەڕێن، سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی. 2
«تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت، ڕابەرەکان سزا دەدەم، چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی، بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە، دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ. 3
بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت، مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت، کەوانی جەنگ لەوێوە دێت، هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە. 4
پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن، ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن، دەجەنگین، چونکە یەزدان لەگەڵیانە، ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن. 5
«بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم، بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم. دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە، وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە، چونکە من یەزدانی پەروەردگاری ئەوانم، وەڵامیان دەدەمەوە. 6
ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت، دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب، منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت. 7
ئاماژەیان بۆ دەکەم، پێکەوە کۆیان دەکەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە، هەروەکو پێشتر زۆر دەبن. 8
هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم، بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە. 9
لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە. دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان، جێیان نابێتەوە. 10
بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن، شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن. لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و داردەستی میسر نامێنێت. 11
بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 12

< زەکەریا 10 >