< ئاشکراکردن 7 >

پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. 1
فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی: 2
«زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» 3
گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە. 4
لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو، لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار، لە هۆزی گاد دوازدە هەزار، 5
لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار، لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار، لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار، 6
لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار، لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار، لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار، 7
لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار، لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار، لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو. 8
پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 9
بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «ڕزگاری هی خودامانە، کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و هی بەرخەکەیە.» 10
هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 11
دەیانگوت: «ئامین! ستایش و شکۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خودامانە، هەتاهەتایە! ئامین!» (aiōn g165) 12
دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟» 13
منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.» پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 14
بۆیە «لەبەردەم تەختی خودان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت. 15
ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، 16
چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.» 17

< ئاشکراکردن 7 >