< ئاشکراکردن 18 >

پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. 1
بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی: «کەوت! بابلی گەورە کەوت! بووە جێنشینی جنۆکەکان و پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان، پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو، پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون. 2
لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە. پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە، بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.» 3
گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو: «ئەی گەلی من لێی دەربچن، تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن، تاکو دەردەکانی نەگرن، 4
چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە. 5
سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە، لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە. 6
هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە، ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم، هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“ 7
لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن، مردن و شیوەن و قاتوقڕی. بە ئاگریش دەسووتێت، خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە. 8
«پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 9
لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن: «”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر! ئەی بابل، شارە بەهێزەکە! چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“ 10
«بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 11
شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 12
دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.» 13
دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 14
بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 15
دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە، کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە! 16
چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. 17
کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن:”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ 18
خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە! ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون! لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو! 19
«”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن! چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“» 20
ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی: «ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە. 21
ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا تێیدا نابیسترێت. هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە، دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت. 22
هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون. 23
تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.» 24

< ئاشکراکردن 18 >