< زەبوورەکان 99 >

یەزدان پاشایەتی دەکات، با گەلان بلەرزن، لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە، با زەوی بهەژێت. 1
یەزدان مەزنە لە سییۆن، بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە. 2
با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن، ئەو پیرۆزە. 3
پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات. تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند، تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە. 4
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن، ئەو پیرۆزە. 5
موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون، ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە. لە یەزدان پاڕانەوە، ئەویش وەڵامی دانەوە، 6
بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن، یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان. 7
ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە، خودایەکی لێبوردە بوویت، هەرچەندە تۆ لەسەر کردەوەکانیان تۆڵەت لێ سەندنەوە. 8
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە چیای پیرۆزی ئەو کڕنۆش ببەن، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە. 9

< زەبوورەکان 99 >