< زەبوورەکان 96 >

گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی. 1
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن. 2
لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. 3
یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە، 4
چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە. 5
شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان. 6
ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن. 7
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی. 8
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە، ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن. 9
لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات! جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت، بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.» 10
با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، 11
با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن، 12
لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت، دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی، گەلانیش بە دڵسۆزی. 13

< زەبوورەکان 96 >