< زەبوورەکان 8 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە! تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان. 1
بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت، هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە. 2
کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم، کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە، مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون، 3
مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟ 4
کەمێک لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری. 5
دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا، تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو: 6
هەموو مەڕ و مانگاکان، هەروەها ئاژەڵی کێوی، 7
باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و هەرچی لەناو دەریادا دەژی. 8
ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە! 9

< زەبوورەکان 8 >