< زەبوورەکان 7 >

لاواندنەوەی داود سەبارەت بە وتەکانی کوشی بنیامینی کە بە گۆرانی بۆ یەزدانی گوتووە. ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ، لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە، 1
ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن، پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات. 2
ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە، ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە، 3
ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت، یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە، 4
با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت، با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و شکۆمەندیم بکەوێتە سەر خاک. 5
ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە، لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە. ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری. 6
کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە. 7
با یەزدان دادوەری گەلان بکات. ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە، بەگوێرەی دروستییەکەم. 8
ئەی خودای ڕاستودروست، کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی، خراپەی بەدکاران مەهێڵە، بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە. 9
خودا قەڵغانی منە، ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات، 10
خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە، هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت. 11
ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە، خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات، کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات. 12
چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە، تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین. 13
ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە، بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت. 14
چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات، بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو چاڵەی هەڵیکەندووە. 15
ئاژاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر خۆی و توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت. 16
ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی، گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز. 17

< زەبوورەکان 7 >