< زەبوورەکان 62 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون، زەبوورێکی داود. گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت، ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت. 1
تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم. 2
هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟ ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن، وەک شوورایەکی داڕووخاو؟ 3
تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن، خۆشییان لە درۆوە دێت. بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن، بەڵام لە دڵەوە نەفرەت. 4
ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە، چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت. 5
تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، نالەقێم. 6
ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە، تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە. 7
هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن، دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن، چونکە خودا پەناگای ئێمەیە. 8
ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە، مرۆڤ تەنها درۆیەکە، ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین، هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن. 9
پشت بە زۆرداری مەبەستن، پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن. ئەگەر سامانتان زیادی کرد، دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن. 10
جارێک خودا فەرموویەتی، دوو جار بیستوومە: کە هێز هەر هی خودایە، 11
هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار. بێگومان تۆش، هەرکەسێک بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە. 12

< زەبوورەکان 62 >