< زەبوورەکان 60 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی دوو ڕووبار و ئارامییەکانی چۆڤا، هەروەها کاتێک یۆئاب گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند، تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە! 1
تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد، شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە. 2
کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا، بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی. 3
بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد، بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە. 4
بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە، بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت. 5
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی: «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و دۆڵی سوکۆت دەپێوم. 6
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە، ئەفرایم کڵاوی منە، یەهودا داری دەسەڵاتی منە، 7
مۆئاب دەستشۆرمە، پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم، لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.» 8
کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟ کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟ 9
ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟ 10
یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە، چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە. 11
لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ. 12

< زەبوورەکان 60 >