< زەبوورەکان 52 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ. ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟ ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا، بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟ 1
زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت، وەک گوێزانێکی تیژ وایە، خەریکی فێڵبازییە. 2
زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە، لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی. 3
حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە، ئەی زمانی فێڵباز! 4
بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات، دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت، ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان. 5
ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن، پێی پێدەکەنن و دەڵێن: 6
«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی، بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو، لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!» 7
بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم، هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم. 8
هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت، ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە. 9

< زەبوورەکان 52 >