< زەبوورەکان 42 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ. 1
گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم؟ 2
بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟» 3
هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان. 4
ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە. 5
گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە. 6
قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون. 7
بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، نوێژێکە بۆ خودای ژیانم. 8
خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: «بۆچی لە یادت کردووم؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟» 9
بە تێکشکانی ئێسقانەکانم ناحەزانم توانجم تێدەگرن، بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟» 10
ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە. 11

< زەبوورەکان 42 >