< زەبوورەکان 4 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود ئەی خودای ڕاستودروستم، کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە. لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی، لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە. 1
ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟ هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟ 2
بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە. یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە. 3
کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن، بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن. 4
قوربانیی ڕاستودروست بکەن و پشت بە یەزدان ببەستن. 5
زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟» ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت. 6
تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە. 7
ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم، چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت. 8

< زەبوورەکان 4 >