< زەبوورەکان 36 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدانە. جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە دەربارەی یاخیبوونی بەدکار: ترسی خودای لەبەرچاو نییە. 1
بە بەرچاوی خۆیەوە خۆی دەڕازێنێتەوە، تاکو هەست بە گوناهی خۆی بکات و ڕقی لێ ببێتەوە. 2
قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە، دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە. 3
تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە، خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە، هەڵە ڕەت ناکاتەوە. 4
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان. 5
ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە، دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە. ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت. 6
ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن. 7
بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن، تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن، 8
چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە، بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین. 9
با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەردەوام بێت بۆ ئەوانەی دەتناسن، ڕاستودروستییەکەشت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن. 10
با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز، دەستی بەدکاران وێڵم نەکات. 11
ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن، دەکەون و ناتوانن هەستنەوە! 12

< زەبوورەکان 36 >