< زەبوورەکان 32 >

هۆنراوەیەکی داود. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە، گوناهەکانی داپۆشراوە. 1
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە. 2
کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ. 3
لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین. 4
ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و تاوانم ناشارمەوە. گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت. 5
بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە، بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ. 6
تۆ پەناگای منیت، لە تەنگانە دەمپارێزی و بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت. 7
خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم. 8
وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن، بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت، بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە. 9
بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت، خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.» 10
ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن! 11

< زەبوورەکان 32 >