< زەبوورەکان 21 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت. چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە! 1
ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووه. 2
بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد. 3
داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی، ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە. 4
بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە، تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە. 5
بێگومان بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ، بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت. 6
پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت. 7
دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات، دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت. 8
کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت، لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت، ئاگریش دەیانخوات. 9
ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت، نەوەیان لەناو ئادەمیزاد. 10
هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون، 11
چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن، کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت. 12
ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە، گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین. 13

< زەبوورەکان 21 >