< زەبوورەکان 149 >

هەلیلویا! گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی. 1
با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت، با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن. 2
با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن، بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن، 3
چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی، بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە. 4
با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن، با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن. 5
با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت، شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت، 6
بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە، گەلان سزا بدەن، 7
بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە، کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان، 8
بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن. ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی. هەلیلویا. 9

< زەبوورەکان 149 >