< زەبوورەکان 142 >

هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ. پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە. 1
سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم، لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم. 2
لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم، تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی. لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم، خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە. 3
ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە، کوا ناسیاوی من؟ پەناگا بۆ من قڕبووە، کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟ 4
ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، گوتم: «تۆ پەناگای منی، لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.» 5
بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە، چونکە زۆر زەلیلم، لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە، چونکە لە من بەهێزترن. 6
گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم. ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن، چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت. 7

< زەبوورەکان 142 >