< زەبوورەکان 141 >

زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام! گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم. 1
با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت، دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت. 2
ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم، دەرگای لێوەکانم بپارێزە. 3
وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت، نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم، لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛ با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم. 4
با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە، با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە، سەرم لاری نییە، چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە. 5
ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ، ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە. 6
وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی، ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن. (Sheol h7585) 7
بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار، پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت. 8
بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە، لە تەڵەی بەدکاران. 9
با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە، لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە. 10

< زەبوورەکان 141 >