< زەبوورەکان 14 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات. 1
یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات. 2
هەموو ڕوویان وەرگێڕا، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە. 3
ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟ ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە. 4
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت، چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە. 5
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە پلانی هەژاران دەکەن، بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە. 6
با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت! کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە، با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت! 7

< زەبوورەکان 14 >