< زەبوورەکان 138 >

بۆ داود. بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم. 1
بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم، ستایشی ناوت دەکەم، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت، چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە. 2
ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت، ئازا و بوێرت کردم. 3
ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن، کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست. 4
گۆرانی بەسەر کارەکانی یەزداندا دەڵێن، چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە. 5
هەرچەندە یەزدان پایەبەرزە، دەڕوانێتە کەسی بێفیز و لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت. 6
ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت، دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم، بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت. 7
یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛ ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە، واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە. 8

< زەبوورەکان 138 >