< زەبوورەکان 125 >

گۆرانی گەشتیاران. ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان، کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە. 1
وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە، یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. 2
داردەستی خراپەکاران لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت، نەوەک ڕاستودروستان دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری. 3
ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان، لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن. 4
بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن، یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات. ئاشتی بۆ ئیسرائیل! 5

< زەبوورەکان 125 >