< زەبوورەکان 114 >

کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە، بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون، 1
یەهودا بووە پیرۆزگای خودا، ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی. 2
دەریا بینی و هەڵات، ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە. 3
چیاکان وەک بەران بازیان دا، گردەکان وەک بەرخۆلە. 4
چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟ ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟ 5
ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن و ئێوەش ئەی گردەکان، وەک بەرخۆلە؟ 6
ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە، لەبەردەم خودای یاقوب، 7
ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو، بەردەئەستێی کردە کانیاو. 8

< زەبوورەکان 114 >