< زەبوورەکان 111 >

هەلیلویا! بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم، لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان. 1
کردارەکانی یەزدان مەزنن، هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن. 2
بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی، ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە. 3
وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە، یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە. 4
خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن، هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە. 5
هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە، بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون. 6
کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە، ڕێنماییەکانی جێی متمانەن، 7
هەتاهەتایە چەسپاون، بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون. 8
کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد، فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە، پیرۆز و سامناکە ناوی. 9
لەخواترسی سەرەتای داناییە، تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن. ستایشەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە. 10

< زەبوورەکان 111 >