< زەبوورەکان 108 >

گۆرانییەک. زەبوورێکی داود. ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە، بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم. 1
ئەی ساز و قیسارە، هەستن! من بەرەبەیانان هەڵدەستم. 2
ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم، لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم، 3
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە، دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان. 4
ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت. 5
بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە، بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت. 6
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی: «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و دۆڵی سوکۆت دەپێوم. 7
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە، ئەفرایم کڵاوی منە، یەهودا داری دەسەڵاتی منە. 8
مۆئاب دەستشۆرمە، پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم، لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.» 9
کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟ کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟ 10
ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟ 11
یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە، چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە. 12
لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ. 13

< زەبوورەکان 108 >