< زەبوورەکان 10 >

ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟ بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟ 1
بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن، گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن. 2
کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات، داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات. 3
بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە، هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.» 4
هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە، لە حوکمەکانی خودا ناگات، ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت. 5
لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت، هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.» 6
دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە، بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی. 7
لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت، خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان. 8
وەک شێر خۆی مات دەکات، خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان، بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات. 9
نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن، دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە. 10
لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە، چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.» 11
ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە، ستەملێکراوان لەبیر مەکە. 12
چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟ بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟» 13
بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت. 14
بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە، تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن. 15
یەزدان پاشایە هەتاهەتایە، نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن. 16
ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت، دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت، 17
بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان، تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت. 18

< زەبوورەکان 10 >