< سەرژمێری 5 >

یەزدان بە موسای فەرموو: 1
«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە کە هەرکەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێست یان ئەوەی لێچوونی گڵاوی هەبێت، یان ئەوەی بە مردوو گڵاو بووبێت، لە ئۆردوگاکە دووریان بخەنەوە. 2
نێر و مێ دوور دەخەنەوە، بۆ دەرەوەی ئۆردوگا دووریان دەخەنەوە هەتا ئۆردوگاکانیان گڵاو نەکەن کە من لەنێویاندا نیشتەجێم.» 3
جا نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە دووریان خستنەوە، هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ موسادا دوا، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد. 4
یەزدان بە موسای فەرموو: 5
«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ:”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک گوناهێک لە گوناهەکانی مرۆڤ بکات، واتە ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد، ئەوا ئەو کەسە تاوانی کردووە، 6
با دان بە گوناهەکەیدا بنێت کە کردوویەتی و ئەوەی پێی تاوانبار بووە بە تەواوی بیگەڕێنێتەوە، پێنج یەکیشی بۆ زیاد بکات و بیداتە ئەوەی تاوانەکەی لە دژی کردووە. 7
بەڵام ئەگەر ئەو کەسە مردوو بوو و خزمی نزیکی نەبوو هەتا وەریبگرێتەوە، ئەوا ئەوەی پێی تاوانبار بووە دەگەڕێتەوە بۆ یەزدان و بۆ کاهین دەبێت، لەگەڵ بەرانێک کە کەفارەتی پێ دەکات بۆی. 8
هەموو پیتاکێک و دیارییەکی پیرۆزی نەوەی ئیسرائیل کە پێشکەشی کاهینی دەکەن بۆ ئەو دەبێت. 9
هەموو دیارییە پیرۆزکراوەکانی مرۆڤیش بۆ خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک شتێکی دا بە کاهین ئەوا بۆ کاهین دەبێت.“» 10
یەزدان بە موسای فەرموو: 11
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”ئەگەر ژنی پیاوێک لەڕێ لایدا و ناپاکی لەگەڵ کرد، 12
لەگەڵ پیاوێک جووت بوو، ئەوەش لە چاوانی پیاوەکەی شاردراوە بوو و داوێنپیسییەکەی ئاشکرا نەبوو، هیچ شایەتێکیشی بەسەرەوە نەبوو، چونکە لەسەر کردارەکە نەگیرا بوو، 13
کابراش ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیسە، یان ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیس نییە، 14
ئەوا پیاوەکە ژنەکەی دەهێنێتە لای کاهین و پێشکەشکراوەکەشی لەگەڵدا دەهێنێت، دەیەکی ئێفەیەک ئاردی جۆ نە زەیتی بەسەردا دەکات و نە بخوور، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە و قوربانی یادگارییە، یادی تاوان دەکاتەوە. 15
«”کاهینەکە ژنەکە دەهێنێتە پێش و لەبەردەم یەزدان ڕایدەگرێت. 16
کاهینەکە لە گۆزەیەکی گڵین ئاوێکی پیرۆز دەبات و لە تۆزی سەر زەوی چادرەکەی پەرستن هەڵدەگرێت و لەناو ئاوەکەی دەکات. 17
کاهینەکە ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگرێت و سەری ڕووت دەکاتەوە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی یادەوەرییەکە کە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە دەکاتە ناو دەستی ژنەکە و ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش لە دەستی کاهینەکە دەبێت. 18
ئینجا کاهینەکە ژنەکە سوێند دەدات و پێی دەڵێت:’ئەگەر هیچ پیاوێک لەگەڵت جووت نەبووە و بە دزی پیاوەکەت بەرەو داوێنپیسی لەڕێ لات نەداوە، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەتی ئەوا بێتاوان بە لەم ئاوەی نەفرەت کە تاڵە. 19
بەڵام ئەگەر بە دزی پیاوەکەت لەڕێ لاتداوە و گڵاو بوویت و پیاوێکی دیکە جیا لە مێردەکەت لەگەڵت جووت بووە،‘ 20
لێرە کاهینەکە ژنەکە بە سوێندی نەفرەت سوێند دەدات، کاهینەکە بە ژنەکە دەڵێت،’یەزدان دەتخاتە بەر نەفرەت و سوێند لەنێو گەلەکەت بەوەی کە یەزدان ڕانت لاواز دەکات و سکت دەئاوسێنێت. 21
ئەم ئاوەی نەفرەت دەچێتە ناو هەناوت بۆ ئاوسانی سک و لاوازی ڕان.‘«”ژنەش دەڵێت،’ئامین، ئامین.‘ 22
«”کاهینیش ئەم نەفرەتانە لە پەڕەیەک دەنووسێت، ئینجا لەناو ئاوە تاڵەکە دەیشواتەوە. 23
ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش دەرخواردی ژنەکە دەدات، ئاوەکەی نەفرەتیش دەچێتە ناوی و دەبێتە ئازاری تاڵی. 24
کاهینەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییەکە لە دەستی ژنەکە وەردەگرێت و پێشکەشکراوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز دەکاتەوە، ئینجا دەیباتە لای قوربانگاکە. 25
کاهینەکە چنگێک بۆ یادەوەری لە دانەوێڵە پێشکەشکراوەکە دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، لەدوای ئەوە ئاوەکە دەرخواردی ژنەکە دەدات. 26
ئەگەر ژنەکە گڵاو بووبێت و ناپاکی لە پیاوەکەی کردبێت، کاتێک ئاوەکەی دەرخوارد دا، ئەوا ئاوە نەفرەتەکە دەبێتە ئازاری تاڵی، دەچێتە ناوی، سکی دەئاوسێت و ڕانی دەکەوێت، ژنەکە لەنێو گەلەکەی دەبێتە نەفرەت. 27
ئەگەر ژنەکەش گڵاو نەببوو بەڵکو پاک بوو، ئەوا بێتاوان دەبێت و سکی پڕ دەبێت. 28
«”ئەمە فێرکردنەکەیە سەبارەت بە دڵپیسی، ئەگەر ژنێک بە دزی پیاوەکەی لەڕێ لایدا و گڵاو بوو، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەیەتی، 29
یان ئەگەر پیاوێک ڕۆحی دڵپیسی دایگرت، جا دڵی لە ژنەکەی پیس کرد، ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگیرێت و کاهینەکە هەموو ئەم فێرکردنەی بۆ دەکات. 30
جا پیاوەکە لە هەر هەڵەیەک بێتاوان دەبێت، بەڵام ئەو ژنە تاوانی گوناهی لە ئەستۆی خۆی هەڵدەگرێت.“» 31

< سەرژمێری 5 >