< سەرژمێری 12 >

مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی خواستبوو. 1
جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو. 2
(موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.) 3
جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. 4
یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. 5
جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن: «کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە، ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم، لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم. 6
بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە، بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم، 7
ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم، بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ، شێوەی یەزدان دەبینێت. ئیتر بۆچی نەترسان کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟» 8
جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت. 9
کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. 10
هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، 11
تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.» 12
موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.» 13
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» 14
جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە. 15
پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا. 16

< سەرژمێری 12 >