< نەحەمیا 1 >

یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا: ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ لە ساڵی بیستەم، کاتێک لە قەڵای شوش بووم، 1
حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن. 2
پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون. 3
کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم. 4
دوای ئەوە گوتم: «ئەی یەزدان، خودای ئاسمان، ئەی خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن، 5
تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد. 6
بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە بە موسای خزمەتکارت دا. 7
«تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو:”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم، 8
بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەوا ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی زەویش بن، لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەو شوێنەی کە بۆ نیشتەجێبوونی ناوەکەم هەڵبژاردووە.“ 9
«ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە. 10
ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.» منیش ساقی پاشا بووم. 11

< نەحەمیا 1 >