< میخا 5 >

ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە، چونکە گەمارۆ دراوین. بە گۆچان لە ڕوومەتی ڕابەری ئیسرائیل دەدەن. 1
«بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە، هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی یەهودا بچووکیت، بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە، لە ئەزەلەوەیە.» 2
لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت، پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل. 3
جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات بە هێزی یەزدان، بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی. جا بە ئاسوودەیی دەژین، چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی. 4
ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە، کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان. حەوت شوانی لەسەر دادەنێین، لەگەڵ هەشت میر. 5
بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو. بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات، کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان. 6
پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت، وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە، وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا، ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت. 7
پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان، لەنێو چەندین گەل، وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا، وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا، ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات، کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات. 8
دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن. 9
یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و گالیسکەکانت ڕیشەکێش دەکەم. 10
شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم. 11
ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت. 12
بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت لەناوەڕاستت، ئیتر کڕنۆش نابەیت بۆ دەستکردی دەستەکانت. 13
ستوونە ئەشێراکانت لەنێوتدا هەڵدەکێشم و شارەکانت وێران دەکەم. 14
بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.» 15

< میخا 5 >