< میخا 3 >

گوتم: «ئەی سەرکردەکانی یاقوب، ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن. ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟ 1
ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن، پێستی گەلەکەم دادەماڵن و گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛ 2
ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن، کەوڵیان دەکەن، ئێسکیان دەشکێنن، پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ، وەک گۆشتی ناو تاوە.» 3
ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن، بەڵام وەڵامیان ناداتەوە. لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. 4
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سەبارەت بە پێغەمبەرەکان، ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن، بانگەوازی ئاشتی دەکەن بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن، بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن کە تێریان ناکەن. 5
لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت، تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە. خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت، ڕۆژیان لێ تاریک دادێت. 6
پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن، فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن، هەموویان چاوەڕوویان نەماوە، چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.» 7
بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز، پڕ لە ڕۆحی یەزدان، لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی، تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم، بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی. 8
ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب، ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن، ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن، 9
ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و ئۆرشەلیم بە ستەم. 10
ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن، کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن، پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن: «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟ هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.» 11
لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک. 12

< میخا 3 >