< مەرقۆس 3 >

دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو، 1
ئیتر هەندێک لەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن. 2
عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەبەردەم هەمووان ڕابوەستە.» 3
ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون. 4
بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە. 5
فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن. 6
عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە کشانەوە و خەڵکێکی زۆر لە جەلیل دوای کەوتن. 7
کاتێک هەموو ئەو شتانەیان بیست کە دەیکرد، خەڵکێکی زۆر لە یەهودیا، ئۆرشەلیم، ئادومیا، ئەوبەری ئوردون و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای. 8
ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر. 9
لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن. 10
ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» 11
ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان لەلای کەس باسی نەکەن. 12
عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. 13
دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و 14
دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. 15
ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، 16
یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتە کوڕانی هەورەتریشقە، 17
هەروەها ئەندراوس، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، تەداوس، شیمۆنی کانەوی و 18
یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا. 19
عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک کە نەیانتوانی نان بخۆن. 20
کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.» 21
مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول دەستی بەسەردا گرتووە، بە شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» 22
عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ 23
ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. 24
ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. 25
ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. 26
کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 27
ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، 28
بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» (aiōn g165, aiōnios g166) 29
ئەمەی فەرموو، چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.» 30
دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا. 31
خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.» 32
وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایک و براکانم کێن؟» 33
چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن. 34
ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.» 35

< مەرقۆس 3 >