< لێڤییەکان 17 >

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 1
«لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت، 2
هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و 3
نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی ببڕدرێتەوە. 4
ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن. 5
کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت. 6
پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە دروستکراون و لەشفرۆشیی ڕۆحییان بۆ دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“ 7
«هەروەها پێیان دەڵێیت:”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و 8
نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە. 9
«”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، 10
چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات، 11
بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم:’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘ 12
«”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت، 13
چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت:’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات دەبڕدرێتەوە.‘ 14
«”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە. 15
بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“» 16

< لێڤییەکان 17 >