< یەشوع 16 >

تیروپشک بۆ بەشی نەوەی یوسف دەرچوو، لە ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا هەتا ئاوی ئەریحا بوو، بەرەو ڕۆژهەڵات هەتا ئەو چۆڵەوانییەی لە ئەریحاوە سەردەکەوێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی بێت‌ئێل، 1
لە بێت‌ئێلیشەوە کە پێی دەگوترێ لوز، بەردەوام بوو بۆ سنووری ئەرکییەکان لە عەتەرۆت و 2
لەوێشەوە ڕووەو ڕۆژئاوا دابەزی بۆ سنووری یەفلێتییەکان و بۆ سنووری بێت‌حۆرۆنی خواروو و بۆ گەزەر و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. 3
جا نەوەکانی یوسف مەنەشە و ئەفرایم میراتی خۆیان وەرگرت. 4
ئەمانەش سنووری نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان: سنووری میراتەکەیان لە ڕۆژهەڵات، عەتەرۆت ئەدار بوو، هەتا بێت‌حۆرۆنی ژووروو، 5
ئینجا سنوورەکە بەرەو دەریا چوو، لە میخمەتات ڕووەو باکوور، بەلای ڕۆژهەڵاتدا سووڕایەوە بۆ تانەس شیلۆ و پەڕییەوە بۆ یانۆوەح لەلای ڕۆژهەڵات. 6
سنوورەکە لە یانۆوەحەوە دابەزی بۆ عەتەرۆت و نەعەرا و چوو بۆ ئەریحا و گەیشتە ڕووباری ئوردون. 7
ئینجا سنوورەکە لە تەپووەح درێژبووەوە بەرەو ڕۆژئاوا بۆ شیوی قانا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە میراتی هۆزی نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان، 8
لەگەڵ ئەو شارۆچکانەی لەناو میراتی نەوەی مەنەشەدا بۆ نەوەی ئەفرایم جیا کرابوونەوە، هەموو شارۆچکە و گوندەکانیان. 9
کەنعانییەکانی دانیشتووانی گەزەریان دەرنەکرد، ئیتر کەنعانییەکان هەتا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەفرایمدا نیشتەجێن و وەک کۆیلە بێگارییان پێدەکەن. 10

< یەشوع 16 >