< یەرمیا 47 >

ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات: 1
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ، زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت، شار و دانیشتووانەکەی. خەڵکی هاوار دەکەن، هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن 2
لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی، لە خڕەی گالیسکەکانی و جیڕەی چەرخەکانی. باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە لەبەر شلبوونی دەستەکانی. 3
لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن. یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات، پاشماوەی کەناری کەفتۆر. 4
خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن، ئەسقەلان کپ دەبێت. ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان، هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟ 5
«”ئای ئەی شمشێری یەزدان، هەتا کەی پشوو نادەیت؟ بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە و هێدی بە و کپ بە.“ 6
بەڵام چۆن پشوو دەدات کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت، لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا، لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟» 7

< یەرمیا 47 >