< یەرمیا 21 >

ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: 1
«تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.» 2
بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، 3
”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن، کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون. لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. 4
من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. 5
دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. 6
پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 7
«بەم گەلەش دەڵێیت:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. 8
ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 9
لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 10
«بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ:”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 11
ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن، تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن، نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە، جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە. 12
ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە، بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز، ئەوەتا من لە دژی تۆم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێوە دەڵێن:’کێ بەسەرماندا دەدات؟ کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘ 13
بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم، ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 14

< یەرمیا 21 >