< یەرمیا 1 >

پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین. 1
فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا، 2
هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم. 3
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 4
«پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی، پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت، تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.» 5
بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.» 6
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ:”تەمەنم بچووکە.“بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. 7
لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 8
ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. 9
ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.» 10
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.» 11
یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر دەبم بۆ ئەنجامدانی.» 12
دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.» 13
یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت. 14
خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا پاشاکانیان دێن و هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت، هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا. 15
منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم، لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد. 16
«تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم. 17
من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە. 18
لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 19

< یەرمیا 1 >