< ئیشایا 8 >

یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە:”مەهێر شالال حاش بەز.“» 1
هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا. 2
لە پێغەمبەرە ژن نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، 3
چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت”بابە“و”دایە،“سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.» 4
ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی: 5
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئاوی هێمنی شیلۆوەحی ڕەتکردەوە، دڵخۆش بوو بە ڕەچین و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، 6
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە ئاوی ڕووبارە بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت، مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی. جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات، 7
بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن، لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە، ئەی ئیمانوێل!» 8
ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە! ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن: خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! 9
ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت، قسە بکەن، سەرناگرێت، چونکە خودا لەگەڵمانە. 10
یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم: 11
«مەڵێ”پیلانگێڕییە!“بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی، مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقە. 12
تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و دەبێ لەو بترسی، لەو بتۆقی. 13
ئەو دەبێتە پیرۆزگا، بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە. بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەبێت بە تەڵە و داو. 14
زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون، دەکەون و تێکدەشکێن، بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.» 15
ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە، فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە. 16
چاوەڕێی یەزدان دەکەم، ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە، من پشت بەو دەبەستم. 17
ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە. 18
کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“پێیان بڵێ:”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 19
بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 20
بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 21
ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.» 22

< ئیشایا 8 >