< ئیشایا 56 >

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دادپەروەری بپارێزن و ڕاستودروستی ئەنجام بدەن، چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت. 1
خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت، ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.» 2
با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت: «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.» با خەساویش نەڵێت: «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.» 3
لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن، ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە، 4
لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی یادەوەری و ناویان پێدەدەم، لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان. ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم کە نابڕدرێتەوە. 5
ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان بۆ پەرستنی و بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان هەتا بۆی ببن بە بەندە، هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە 6
دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم، لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم. قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم، چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان.» 7
یەزدانی باڵادەست، ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت: «زیاتر کۆدەکەمەوە لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.» 8
ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر، ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن! 9
ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن، نەزانن. هەموو سەگی لاڵن، ناتوانن بوەڕن. خەونبین و پاڵکەوتوون، حەزیان لە خەوە. 10
سەگەکان چاو برسین، تێربوون نازانن. ئەوان شوانن و تێناگەن، هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت، هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە. 11
دەڵێن: «وەرن شەراب بهێنین! با مەی بنۆشین! بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت، بەڵکو زۆر باشتریش.» 12

< ئیشایا 56 >