< ئیشایا 55 >

«هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن، وەرن بۆ ئاو، ئەوانەش کە پارەیان نییە، وەرن، بکڕن و بخۆن! وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ شەراب و شیر بکڕن. 1
بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟ بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟ بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە، با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت. 2
گوێتان شل بکەن و وەرنە لام، گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت. پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم، خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود. 3
ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە، ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان. 4
ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن، لەبەر یەزدانی پەروەردگارت، لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل، چونکە شکۆمەندی کردیت.» 5
ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە، لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە. 6
با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی، با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە، بۆ لای خودامان، چونکە زۆر لێبوردەیە. 7
«بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 8
«هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە، ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان. 9
هەروەک چۆن باران و بەفر لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و ناگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن، 10
فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە: بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم، بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم. 11
ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت، چیاکان و گردەکان لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە، هەموو دارەکانی دەشتودەریش بە دەست چەپڵە لێ دەدەن. 12
لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت، بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک، نیشانەیەکی هەتاهەتایی کە لەناو ناچێت.» 13

< ئیشایا 55 >