< ئیشایا 18 >

قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان، ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە، 1
پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت، بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان. بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان، بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە، بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن، نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار، ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی. 2
ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و نیشتەجێبووانی زەوی، کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە، ببینن و کە کەڕەنا لێدرا، گوێ بگرن. 3
یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا، وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.» 4
پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو، چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات. 5
پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی، بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن. 6
لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت، لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە، گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک، نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار، ئەوەی ڕووبارەکان زەوییەکەیانی دابەش کردووە، بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن. 7

< ئیشایا 18 >