< هۆشەع 2 >

«بە براکانتان بڵێن:”گەلی من،“و بە خوشکەکانتان:”بەر بەزەیی کەوتوو.“ 1
«سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن، چونکە ئەو ژنی من نییە و منیش مێردی ئەو نیم. بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت. 2
ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە، وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛ وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم، وەک خاکی وشکی لێ دەکەم، بە تینووێتی دەیمرێنم. 3
بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە، چونکە زۆڵن. 4
بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە. ئەو گوتی:”دوای دۆستەکانم دەکەوم، ئەوانەی نان و ئاو، خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“ 5
لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم، دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە. 6
دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات، بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە. ئینجا دەڵێت:”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم، چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“ 7
ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە، زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە، بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا. 8
«لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە، شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا. خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن لەبەری دادەکەنم. 9
ئێستا شوێنی شەرمی لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم، کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت. 10
هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم: جەژن و سەرەمانگەکانی، شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی. 11
ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم، کە گوتی:”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“دەیانکەم بە دارستان و ئاژەڵی کێوی دەیانخوات. 12
لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند، بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە، دوای خۆشەویستانی کەوت، بەڵام منی لەیاد کرد.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 13
«لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین دەیبەمە چۆڵەوانی و بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم. 14
لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە، دۆڵی عاخۆر دەکەم بە دەرگای هیوا. لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت، وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.» 15
یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت، پێم دەڵێیت:”مێردەکەم“و چیتر پێم ناڵێیت:”گەورەم.“ 16
ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و ئیتر ناویان ناهێنێت. 17
لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و خشۆکەکانی زەوی. کەوان و شمشێر و جەنگ لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون. 18
بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و بە ڕاستودروستی و دادوەری، بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم. 19
بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و دان بە یەزداندا دەنێیت. 20
«یەزدان دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت، من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت، 21
زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت دەبێت، ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل دەبێت. 22
لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم، بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“ئەوانەی کە پێیان دەگوترا”گەلی من نین“پێیان دەڵێم:”ئێوە گەلی منن.“ئەوانیش دەڵێن:”تۆ خودای ئێمەیت.“» 23

< هۆشەع 2 >