< هۆشەع 14 >

ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە، چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان! 1
ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و بگەڕێنەوە لای یەزدان، پێی بڵێن: «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە، بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت. 2
ئاشور ڕزگارمان ناکات. سواری ئەسپ نابین، جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،”خوداوەندەکانمان،“چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.» 3
«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە، بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت، چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە. 4
بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم، ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت، 5
چڵەکانی درێژ دەبنەوە، جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت. 6
نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە. وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و وەک مێو دەگەشێتەوە. ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت. 7
ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟ من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم، من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم، بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.» 8
کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟ کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟ چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن، بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون. 9

< هۆشەع 14 >