< عیبرانییەکان 8 >

گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی خودای پایەبەرز دانیشت، 1
خزمەتکاری پیرۆزگا و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی پەروەردگار دایناوە نەک مرۆڤ. 2
لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات. 3
ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات. 4
ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: [بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.] 5
بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە. 6
لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا. 7
بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ: [یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت، پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم. 8
وەک ئەو پەیمانە نابێت کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم، چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن، ئیتر منیش پشتگوێم خستن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 9
یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم، فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و لەسەر دڵیان دەینووسم، من دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من. 10
لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،» چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، 11
چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.] 12
کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن و پیر بوو، ئەوا لە نەمان نزیکە. 13

< عیبرانییەکان 8 >