< عیبرانییەکان 3 >

کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە. 1
ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. 2
عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. 3
لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. 4
موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. 5
بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین. 6
لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: [ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، 7
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا، لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان. 8
لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە، هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی. 9
لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و ڕێگای منیان نەناسی.» 10
بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»] 11
خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. 12
بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. 13
بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. 14
وەک چۆن گوتراوە: [ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.] 15
جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ 16
خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ 17
خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ 18
هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی. 19

< عیبرانییەکان 3 >