دەمەوێت ئەمەتان پێ بڵێم: ئەگەر میراتگر ناکام بێت جیاوازیی نابێت لەگەڵ کۆیلە، هەرچەندە میراتگرەکە خاوەنی هەموو میراتەکەیە، | 1 |
بەڵام لەژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتیکار و سەرکاردا دەمێنێتەوە هەتا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە. | 2 |
ئێمەش بە هەمان شێوە، کاتێک ناکام بووین کۆیلەی دەستی بنەما سەرەکییەکانی جیهان بووین. | 3 |
بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی شەریعەتی تەورات لەدایک بوو، | 4 |
بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە بەدەستبهێنین. | 5 |
لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی خودان، خودا ڕۆحی کوڕەکەی خۆی ناردە دڵتانەوە، بە هاوارەوە دەیفەرموو: «بابە! باوکە!» | 6 |
کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەی ئەویت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر. | 7 |
بەڵام ئەو کاتەی کە خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین. | 8 |
بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟ | 9 |
ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵی تایبەت دەدەن؟ | 10 |
دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم. | 11 |
خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە. | 12 |
هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان، | 13 |
نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم. | 14 |
ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ. | 15 |
ئایا ئێستا بوومەتە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟ | 16 |
ئەوانەی کە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، چونکە دەیانەوێت لە ئێمەتان بترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن. | 17 |
دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتانم. | 18 |
ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت، | 19 |
بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە. | 20 |
ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟ | 21 |
چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە. | 22 |
ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە. | 23 |
هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە. | 24 |
هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن. | 25 |
بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە، | 26 |
چونکە نووسراوە: [ئەی نەزۆک، دڵشادبە، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.] | 27 |
بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن. | 28 |
جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە. | 29 |
بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.] | 30 |
کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین. | 31 |